کۆمپانیاکانی قەتەر داوای وەبەرهێنان لە کەرتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەکەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-ئەمڕۆ پێنجشەممە ۱٦ ی حوزەیرانی ۲۰۲۲، ئەندازیار کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا پێشوازی لە
گرووپێکی کۆمەڵە کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی قەتەر کرد کە بە مەبەستی بەشداریکردن لە پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر سەردانی وەزارەتی کارەبایان کردبوو.
وەزیری کارەبا، پڕۆژە بەرهەمهێنەرەکانی کارەبای بە وزەی خۆر لە لایەن کۆمپانیا ناوخۆییەکانەوە بۆ وەفدەکە باس کرد و ئامادەیی وەزارەتی بۆ زەمینە خۆشکردن بۆ کۆمپانیاکانی قەتەر دەربڕی و هیوای خواست بەشداری لەم پڕۆژانەدا بکەن.
سەماح ئەلئەسمەر، بەرپرسی بەشی گرووپەکە، خواستی کۆمپانیاکانی قەتەری بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەکانی کارەبای هەرێم خستەڕوو و تەئکیدی کردەوە کە بە پڕۆژەی ستراتیژی و کوالێت بەرز بەشدار دەبن لە بەرهەمهێنانی کارەبای نشتیمانی بە وزەی خۆر کە لە ئێستادا زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکان ئەو میکانیزمە کار پێ دەکەن بۆ بووژانەی سێکتەری کارەبا.