دوو پڕۆژەی کارەبا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرانەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-هەردوو پڕۆژەی دابینكردنی وێستگەیەکی مۆبایلی كارەبا و ڕاكێشانی 6 فیدەری 11 كەی ڤی لە وێستگەی كارەبای دیلزیان، لە مەراسیمێکدا بە بەشداری وەزیری کارەبا و سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرانەوە.
کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.
بە ئاماژەپێدان بە پڕۆژەکانی جێبەجێکراوی کارەبا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گوتی دوو پڕۆژەی گرنگی دیکەش لەم سنوورە جێبەجێ دەکرێن: بەم زووانە دەست بە دامەزراندنی وێستگەی بەرهەمهێنانی 100 مێگاوات کارەبا و هەروەها پڕۆژەی ڕاکێشانی هێڵی 132 کەی ڤیی سۆران - چۆمان - حاجی ئۆمەران دەکرێت. هەڵگورد شێخ نەجیب سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سوپاسی وەزیر و وەزارەتی کارەبای کرد بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە لە سۆران.
وەزیری کارەبا سەبارەت بە دۆخی ئێستای کارەبا گوتی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا 3300 بۆ 3400 مێگاواتە و لە مانگی نیسان بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا بەرز دەبێتەوە. کێشەی ئێستای کارەبا لە نەبوونی سووتەمەنی دایە، نەک لە ژێرخانی کارەبادا.
لە بارەی پڕۆژەی پێوەری زیرەکیش وتی تا ئێستا 1,250,000 پێوەری زیرەک بەستراون و بەم زووانە تەواو دەبێت و بەهۆیەوە بە شێوەیەکی باشتر کارەبا ڕێک دەخرێت و کۆنترۆڵ دەکرێت.
ئەم دوو پڕۆژەیەی کە ئەمڕۆ لە دێلزیانی سۆران لە لایەن هەردوو کۆمپانیای پالۆس و گرشین بە گوژمەی 2.1 ملیار دینار جێبەجێ کراون، هەر یەک لە شارهدێی مەزنێ و ٢٨ گوندی سۆران و گوندەكانی مهجیداوە، هاودیان، دیلزیان، شاوراوە، بادلیان، بیلنگری سەروو، بیلنگری خواروو، قەرەنی و دەوروبەری لێى سوودمەند دەبن.