پڕۆژەیەکی ستراتیژی کارەبا لە شەقڵاوە کرایەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی سێشەممە 1ی ئاداری 2022 بە چاودێری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا و ئومێد خۆشناو، پاڕێزگاری هەولێر لە رێوڕەسمێکدا پڕۆژەیەکی ستراتیژی کارەبا لە قەزای شەقڵاوە کرایەوە.
کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا لە وتەیەکدا تیشکی خستەسەر گرنگی پڕۆژەکە بۆ هاووڵاتییانی ناوچەکە و رایگەیاند: بەپێی کارنامەی کابینەی نۆیەم، هەوڵ دەدەین بە شێوەیەکی بنەڕەتی کێشەی کارەبا چارەسەر بکەین و بۆ ئەم مەبەستەش چەندین پڕۆژەمان لە بواری بەرهەمهێنان و گواستنەوەی کارەبا جێبەجێ کردووە.
گوتیشی: سەرخستنی هەر پڕۆژەیەکی کارەبا و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی بۆ هاووڵاتییان، پێویستی بە هاوکاریی هاووڵاتییان هەیە.
لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە وتەیەکدا رایگەیاند وەزارەتی کارەبا لەم کابینەیەدا، زۆرترین پڕۆژەی کارەبای لە پارێزگای هەولێر جێبەجێ کردووە و جێگای سوپاس و دەستخۆشییە، داواشی کرد گرنگییەکی زیاتر بە ناوچە جیاوازەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بدرێت.
ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە دەرهێنانی 8 فیدەر لە وێستگەی 11/33/132 کەی ڤی رۆساک بۆ وێستگەی 33 کەی ڤی لە شەقڵاوە، بە بەهای زیاتر لە 3.5 ملیار دینار لە لایەن کۆمپانیای شاندزەوە جێبەجێ کراوە.