پڕۆژەیەکی کارەبا بەتواناى ٢٥ مێگاوات لە هەولێر کرایەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە 15ی ئاداری 2022 لە ژێر چاودێریی مەسروربارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، ئەندازیار کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبا و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ، وێستگەی مۆبایلی کارەبا و ڕاکێشانی فیدەرەکانی کارەبا بە توانای 25 مێگاوات بۆ ناوچەی پیشەسازیی تیمار لە پارێزگای هەولێر لە مەراسیمێکدا کرایەوە.
کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبا لە وتەیەکدا ڕایگەیاند ئەم وێستگەیە بڕی 25 مێگاوات کارەبا بۆ ناوچەیەکی پیشەسازی دابین دەکات، کە گرفتی سەرهکیی، نەبوونی کارەبا بوو.
هەروەها گوتی لە قۆناغی یەکەمدا، وێستگەیەکی مۆبایل دانراوە و لە داهاتوودا وێستگەیەکی گەورە بۆ ئەم ناوچەیە پیشەسازییە دادەنرێت.
گوتیشی لە سەرەتای کابینەی نۆیەمەوە، ئەمە هەژدەیەمین پڕۆژەی کارەبایە کە لە هەولێر جێبەجێ کراوە و چەندین پڕۆژەی دیکەش تەواو کراون و بەم زووانە دەکرێنەوە.
وەزیری کارەبا وەڵامی ئەم تێبینییەی هاووڵاتییانیشی دایەوە، کە بۆچی بەم هەموو پڕۆژەوە، ماوەکانی پێدانی کارەبا باشتر نەبووە، بۆ بەرچاوڕوونی هاووڵاتیان گوتی ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم 6700 مێگاواتە، بەڵام بە هۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە نیوەی ئەم توانایەی بەکار خراوە.
بۆ چارەسەرکردنی گرفتی سووتەمەنیش ئاماژەی بە پلانێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دا کە لە پلانی دایە تا مانگی نیسانی 2023، بەرهەمهێنانی گازی سروشتی بەرز بکاتەوە و ئێمەش دەتوانین بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا سوود لەم سووتەمەنییە وەربگرین.
ئومێد خۆشنا پارێزگاری هەولێر سوپاسی وەزیر و ستافی وەزارەتی کارەبای کرد کە بەردەوام لە خەمی باشترکردنی کارەبان و ڕایگەیاند تیمەکانی پارێزگای هەولێر بە هەمەهەنگی ستافی وەزارەی کارەبا بەردەوامین لە بڕینی کارەبای سەرپێچی لە سنووری شاری هەولێر بەبێ جیاوازی.
پڕۆژەی وێستگەی تیمار بە هاوبەشی لە لایەن هەردوو کۆمپانیای پالۆس و گرشین بە بەهای 2.2 ملیار دینار جێبەجێ کراوە.