دیمایند تێست (پشکنینی خواست) بۆ پشکی کارەبای پارێزگاكانی هەرێم دەکرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-ئەمڕۆ یەکشەممە ١٥ی ئایاری ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی کارەبا و بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی و نوێنەری ئیدارەی راپەرین و بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای راپەڕین و ئازاد محمدئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پاڕێزگای سلێمانی لە باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی کارەبای سلێمانی و بۆ ماوەی دوو رۆژ دیمایند تێست (پشکنینی خواست ) بۆ کارەبای پارێزگاكانی سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و ئیدارەی گەرمیان کرا.
ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە مەبەستی یەکسانی دابەشکردنی کارەبا لەنێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دیمایند تێست (پشکنینی خواست) بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر ئەنجام دەدرێت و ئەمڕۆش لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین و پارێزگای هەڵەبجە و گەرمیان و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ دەستمان پێکرد.
ئومێد محەمەد ئاماژەشی بەوەدا کە راستەوخۆش دوای تەواو بوونی ئەو شوێنانە پشکنینی خواست بۆ هەولێر و دهۆک و شوێنەکانی دیکە دەکرێت و دواتر بڕیار دەدرێت و دەرئەنجامەکەشی دەبێتە هۆی چارەسەری بەشێک لە گرفتەکانی دابەشکردن و کۆنترۆل کردنی کارەبای نیشتیمانی.