کۆمپانیاکانی چین وەبەرهێنان لە سێکتەری کارەبای هەرێمی کوردستان دەکەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ۲۷ ی ئایاری ۲۰۲۲، ئەندازیار کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە
بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئێنرژی چاینای کۆماری چین کرد، لە کۆبوونەوەیەکدا بەڕێوەبەری کۆمپانیا چینییەکە مەبەستی سەردانەکەی باس کرد کە بڕیارە بە دانانی چەند وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر بەشداریی لە پڕۆژەکانی وەزارەتی کارەبا بکەن.
لای خۆیەوە وەزیری کارەبا، ئامادەیی وەزارەتی پیشاندا بۆ زەمینە خۆشکردن بۆ بەشداریکردنی کۆمپانیاکانی چین لە کەرتی وزەی کارەبای هەرێم، بە تایبەتی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر و ڕۆڵی کۆمپانیا بیانییەکانی بە گرنگ زانی کە لە هەرێمی کوردستان لە سێکتەرەکانی کارەبا پڕۆژەیان هەیە.