Skip to the content

وێستگەی کارەبای شاوێس بە توانای گواستنەوەی ١٨٩ مێگاوات لە هەولێر بەکارکەوت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکەوتی ۱٤ی تشرینی دووەمی ۲۰۲۲، بە ئامادەبوونی ئەندازیار کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، مەراسیمی کردنەوەی پڕۆژەی وێستگەی کارەبای ۱۳۲ کەیڤی لە کۆمەڵگەی شاوێسی پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو.

کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا لە گوتەیەکیدا سوپاسی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کورستانی کرد کە هاوکار و پاڵپشتی وەزارەتە بۆ کار و پڕۆژەکان.

شایانی باسە پڕۆژەی
وێستگەكە بەگوژمەی ١٥ ملیۆن و ٩١٧ هەزار دۆلار لە لەلایەن كۆمپانیای زاگرۆسەوە جێبەجێكراوە.

وێستگەی شاوێس بە بەرزترین كوالیتی و سیستەمی هاوچەرخ دروستكراوە و رۆڵی دەبێت لە چارەسەركردنی بارقورسی و كەمیی ڤۆڵتییە بۆ وێستگە و فیدەرەكانی شاوەیس و تەواوی گەڕەكەكانی دەوروبەری وێستگەكە، وەک وێستگەكانی ١٣٢ كەیڤیی باکوور و پیرزین و هەولێری نوێ و وێستگەی مۆبایلی ١٣٢ی کەیڤیی سەفین و مەلا ئۆمەر.

وێستگەکە توانای گواستنەوەی ١٨٩ مێگاوات كارەبای هەیە و لە ١٠ فیدەری ١٣٢ کەیڤیی جۆری GIS و ١٥ فیدەری ٣٣ كەیڤی و ٢٧ فیدەری ١١ كەیڤی و ٣ محاویلەی قەبارە گەورە پێکهاتووە.

وێستگەی شاوێس لەگەڵ وێستگەکانی بازاڕی نیشتمان و باداوە و نووسەران، بارقورسیی بەشێکی زۆری لەسەر تۆڕەکانی کارەبا لە شاری هەولێر چارەسەر دەکات.