Skip to the content

وەزارەتی کارەبای عێراق سوپاسی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ سێشەممە، ۲۹ی تشرینی دووەم، ئەندازیار کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای حکوومەتی عێراق کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندی و هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوو وەزارەت و باشکردنی دۆخی کارەبا گفتوگۆیان کرد.

وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێم بە کورتەیەک باسی هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم سێکتەکانی کارەبای کرد و رایگەیاند "لە ئێستادا هەرێمی کوردستان لە ڕێگای دانانی سیستەمی پێوەری زیرەک توانیویەتی دادپەروەریی دابەشکردنی کارەبا بۆ هاوبەشانی دابین بکات."

لای خۆیەوە وەزیری کارەبای عێراق سوپاسی وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە هاوکارێکی باش بوونە بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ ئاوارەکان و سوودێکی زۆریان وەرگرتووە لە پێشکەوتنەکانی کارەبای هەرێم لە پڕۆژەکان و سیستەمە نوێیەکانی بەرهەمهێنانی کارەبادا.

لە کۆتایی دیدارەکەدا هەردوو رێککەوتن ئەو جۆرە دیدار و کۆبوونەوانە لەنێوان هەردوو وەزارەت بەردەوام بێت، بۆئەوەی بتوانن باشترین خزمەت پێشکەشی هاووڵاتیان بکرێت.