Skip to the content

وەزارەتی کارەبا: "هەر کەسێک کێشەی کارەبای هەیە، پەیوەندی بە تیمەکانمانەوە بکەن"

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، ئەندازیار کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا، پێش هاتنی وەرزی زستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی کرد کە تەواوی بەڕێوەبەرە گشتییەکانی شار و ئیدارە سەربەخۆکان تێیدا بەشداربوون.

وەزیری کارەبا لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند "دەبێ تەواوی تیمەکانی کارەبا بەگشتی و ئێشکگرەکان بەتایبەتی، لە بنکەکانی چاککردنەوە لە ئامادەباشیدا بن بۆ هەر رووداوێکی نەخوازراو لە کاتی باراندا کە لە محاویلە و ستوون و تەلی کارەباکاندا ڕوودەدات."

لە چەند ڕوژی رابردوودا لە چەند شوێن و ناوچەی جیاجیا لە هەرێمی کوردستان، بە هۆی باو و باران گرفت و کێشە لە وێستگە و ستوونەکانی کارەبادا درووستبوون.
تیمەکانی وەزارەت بە دەم داواکاریی هاوبەشان چوونە و چارەسەری کێشە و گرفتەکانی کارەبایان کردووە.

بۆیە هاوبەشانی کارەبا لە هەر شوێنێک بن، دەتوانن لەکاتی هەر گرفتێکی کارەبا پەیوەندی بە نزیکترین بنکەی کارەباوە بکەن.