Skip to the content

هیچ کەس و لایەنێک نابێت دوو هێڵی کارەبای نیشتمانی هەبێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-وەزارەتی کارەبا لە پێناو پاراستنی وزەی کارەبا و زیادبوونی پێدانی ماوەکانی کارەبا بۆ هاوبەشان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، چەند بڕیارێک دەدات.

وەزارەتی كارەبا بۆ ڕێكخستنی پێدانی كارەبا و دادپەروەری لە پێدانی كارەبا دوو بڕیاری گرنگی دەركرد و بە نووسراوی فەرمی ئاگاداری تەواوی بەڕێوەبەراییەتییە گشتییەکانی کارەبای کردووەتەوە، ئەوانیش:

یەکەم: بە هیچ شێوەیەك نووسراوی پێدانی سەرچاوەی دووەمی كارەبا بۆ یەك شوێن نابێت هەبێت، بەڵکو دەبێت هەموو هاوبەشانی کارەبا یەک کارەبای نیشتیمانیان هەبێت.
دووەم: پێدانی كارەبای بەردەوام نابێت بۆ هیچ شوێن و هاوبەشێک هەبێت و دەبێت هەموولایەک یەک بڕ کارەبای پێبدرێت.

بۆیە وەزارەتی کارەبا لە ڕێگای لیژنەیەکی تایبەت بەدواداچوون و پێداچوونەوە بە هەموو ئەو شوێنانەشدا دەكات كە دوو سەرچاوەی كارەبا یان کارەبای بەردەوامیان هەیە و ڕێکارەکان لەسەریان جێبەجێدەکرێن.

شیاوی باسە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما خواست لەسەر کارەبا زیاددەکات و بڕی کارەباش پێویستییەکان بە قورسی پڕدەکاتەوە، بۆیە وەزارەتی کارەبا دەیەوێ زێدەڕۆیی و کارە نایاساییەکانی پەیوەست بە کارەبا بنبڕ بکات.