Skip to the content

نموونەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر کەوتە کار

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێکەوتی ۱٨ ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۲، لە دیوانی وەزارەتی کارەبا، لە مەراسیمێکدا پڕۆژەی بەرهەمهێنان کارەبا بە وزەی خۆر لەسەر بينا و گەراجی ئۆتۆمبێلەکانی وەزارەت کرایەوە.

کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا، لە گوتەیەکدا باسی لە هەوڵەکانی وەزارەت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر کرد کە چەند پرۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک بەم نزیکانە بەردی بناغەیان بۆ دادەنرێت و دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێت.

پڕۆژەکەی ئەمڕۆی وەزارەتی کارەبا، توانای بەرهەمهێنانی ١٣١ کیلۆ واتی هەیە و لە لایەن کۆمپانیای سۆلاڤەوە جێبەجێکراوە.

بۆ یەکەمین جارە سیستەمی بەرهەمهێنانی کارەبا لەسەر بینای حکوومی دادەنرێت، بە بێ ئەوەی ژینگە پیس بکات و هیچ تێچوونێکیشی بۆ بەرهەمهێنانی هەبێت.

لە رێوڕەسمەکەدا، هەر یەک لە کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆکی دەستەی ژینگە و دکتۆر محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و دکتۆر جووتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ئامادەی کردنەوەی پڕۆژەکە بوون.