Skip to the content

بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد دەکرێت و بنبڕکردنی سەرپێچییەکان توندتر دەکرێن

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنچشەممە ٨ی ئەیلوولی ۲۰۲۲، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا، بە یاوەریی بەڕێوەبەری گشتیی دابەشکردنی کارەبا و بەرێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەت سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای هەولێری کرد و لەگەڵ بەڕێوەبەران و فەرمانگەکانی کارەبای هەولێر کۆبووەوە.

لە سەرەتادا دەستخۆشی لە بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای هەولێر کرد کە لە ماوەی رابردوودا بەتایبەتی لە کابینەی نۆدا بە شێوەیەکی ماندوونەناسانە خزمەتی هاووڵاتیانی شاری هەولێریان کردووە و لە زۆربەی شوێنەکان گرفتی کارەبایان چارەسەر کردووە.

لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری کارەبا لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەبای هەولێر و سەرجەم بەڕێوەبەرانی فەرمانگەکانی سنووری هەولێر، ئەم بڕیارانەی خوارەوەیان بۆ باشتر گەیاندنی خزمەتگوزاری و ڕاییکردنی کاروباری هاووڵاتیان و چارەسەری گرفتی کارەبا لە پارێزگای هەولێر دا:

- بۆ وەرزی زستان بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد دەکرێت.
- هەڵمەتی نەهێشتنی سەرپێچییەکان فراوان دەکرێت.
- جەخت لەسەر وەرگرتنی نرخی کارەبا کرایەوە.
- کار بۆ کەمکردنەوە و چارەسەری بارقورسی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا دەکرێت.
- دوو وێستگەی مۆبایل بۆ پارێزگای هەولێر دابین دەکرێت.
- دەوامی دوای نیوەڕۆیان تا کاتژمێر ٥ی ئێوارە بۆ بەشی فرۆشتنی وزە دەکرێتەوە.