وەزارەتی کارەبا لەسەر چاکسازییە ئیدارییەکانی و بنبڕکردنی ڕۆتین بەردەوامە
وەزارەتی کارەبای حکومەتی کوردستان، هەنگاوەكانی چاكسازیی كارگێڕی و بەدیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكانی لە هەرێمی كوردستان دەست پێ کردووە کە بریتییە لە سوودوەرگرتن لە تەكنەلۆژیا و بە ئەلیكترۆنیكردنی کاروبارى دامەزراوەكان و خێرا بەڕێوەچوونی مامەڵەی هاووڵاتیان و كەمكردنەوەی خەرجییەكان، ئەمەش داخوازی و پێشنیازێكی گرنگی هاوڵاتییانە و دەربازبوونە لە ڕۆتین و بیرۆكراتیی توند.
لەمبارەیەوە ئەردەلان شوكری دۆسكی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی كارەبا، لە لێدوانێكی تایبەتدا گوتی: یەكێك لە چاكسازییەکان باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان و پێشكەشكردنی كارئاسانی بۆ هاووڵاتییان و بازرگانەكانە بە بەدیجیتاڵی و ئەلیكترۆنیكردنی كاروبارەكانی حكومەتە، تەنانەت لەنێوان بەشەکانی یەک وەزارەتیشدا. لەم بوارەدا لە كابینەی نۆیەمدا ئەم کارانەمان کردووە:
١. ڕێكخستنەوەی دەوامی فەرمیی فەرمانبەران، کە ڕۆڵێكی گەورەی بینی لە هەنگاونان بەرەو چاكسازیی كارگێڕی و باشتر ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان.
٢. لە ڕێگەی پۆستی ئەلیكترۆنی لەنێوان دیوان و یەكە كارگێڕییەكانی دیكەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكاندا پەیوەندییەکان خێراتر کراون.
٣. پسوولەی ئەلیكترۆنیی كارەبا و كەمكردنەوەى خەرجییەکان؛ هاوبەشانی کارەبا دەتوانن لە ڕێگەی موبایل یا کۆمپیوتەر کرێی کارەباکەیان بزانن.
٤. سیستەمی پێشكەوتووی DMSكە سكاڵا و خۆیەتی و میلاكات و نووسراوەكان لەخۆ دەگرێت، دامەزراوە و پەیكەری وەزارەت بچووك كرایەوە.
٥. سكاڵای ئەلیكترۆنی؛ سكاڵا و پێشنیازەكان بە شێوەیەكی خێراتر و شەفافتر دەگاتە دەست و بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و بەدواداچوون وەڵامی دەداتەوە و كاری لەسەر دەكات.
٦- شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتی كارگێڕی بە یەكێك لە دەستكەوتەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، تەنانەت لەم كابینەیەدا چەندین ئیدارەی سەربەخۆ ڕاگەیەنرا و بەڕێوەبەرایەتیی گشتییان بۆ کراوتەوە، ئەمەش لەپێناو باشتر ڕاییکردنی هاووڵاتییان و کەمکردنەوە ڕۆتین لە دامودەزگە و فەرمانگە و یەکە کارگێرییەکانە.