Skip to the content

کۆمپانیا ژاپۆنییەکان بەشداری لە بەرەوپێشبردنی کەرتی کارەباى هەرێم دەکەن

ڕۆژی پێنچشەممە، ۱۰ ی ئابی ۲۰۲۳، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا، پێشوازیی لە ئاراکاوا میکیهیرۆ، کونسوڵکاری ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان کرد و باسیان لە وەبەرهێنان لە کەرتی کارەبادا کرد.

دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە کەرتی کارەبای هەرێم بە تایبەتی لە بواری بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خاوێن، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بوو، لەم ڕووەوە باسیان لە هەردوو کۆمپانیای متسیوبیشی و تۆشیبا کرد کە بە تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو لە کەرتی کارەبا وەبەرهێنان دەکەن و لە وزەی خاوێنەوە کارەبا بەرهەم دەهێنن.

کونسوڵی ژاپۆن ئامادەییی بانکەکانی وڵاتەکەی بۆ پارەدارکردنی پرۆژەکانی کارەبای هەرێم و جێبەجێکردنی پرۆژەکانی کارەبا لە لایه‌ن کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی پێشان دا.

تەوەرەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە قەرزەکانی ژاپۆن بۆ عێراق؛ وەزیری کارەبا بە بەرزنرخاندنی ڕۆڵی ئاژانسی جایکای ژاپۆنی بۆ هاریکاریی نێودەوڵەتی، جەختی لەسەر گرنگی و پێویستیی دادپەروەرانەی بوونی پشکی هەرێمی کوردستان لەم قەرزانەدا کردەوە.