کارەبای بەردەوام بۆ چەند شوێنێک دابین دەکرێت
رۆژی یهكشهممه ٢٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣، لە هۆلی کۆبونەوەکان لە وەزارەتی کارەبا، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و نوێنەری پارێزگاری دهۆک و هەڵەبجە و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و سۆران و ڕاپەڕین و زاخۆ نوێنەری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوو تەوەرەی سەرەکیی تایبەت بە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی و دابەشکردنی رێژەی کارەبای پارێزگاکان کرا و میکانیزمی گونجاو بۆ خێرا دابەشکردنی ئەو نەوتەی بڕیارە لە حکومەتی فیدراڵییەوە بێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، هەموو رێکارەکانی بۆ هێنان ئەو ٥٠ ملیۆن لیترەی نەوتی سپی تەواو کردووە، کە حکومەتی فیدراڵی بڕیاری ناردنی بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان داوە و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەموو هەوڵەکانی بۆ خێراکردنی جێبەجێکردنی پرۆسەکە بەگەڕخستووە.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ڕێژەی پێدانی کارەبای پارێزگاکان بە شێوەیەکی یەکسان و دوای گفتوگۆکردن بڕیار درا تێست بۆ دابەشکردنی کارەبا بە شێوەیەکی یەکسان لە نێوان پارێزگاکان لەوەرزی بەهاری ساڵی داهاتوو بکرێت و کارەبای بەردەوامیش تەنیا بۆ نەخۆشخانە، فرۆکەخانە، پڕۆژەکانی ئاو، گرتووخانەکان و شوێنە خزمەتگوزارییەکان بێت.
هاوکات پارێزگاکان سەرپشک کران بە هاوکاری لەگەڵ تیمەکانی کارەبا دەست بە هەڵمەتی نەهێشتنی سەرپێچییەکانی سەر کارەبا و کارەبا بەردەوامەکان بکەن، ئەوانەی کارەبای بەردەوام نایانگرێتەوە، ماوەکانیشی کەم دەکرێتەوە.
سەبارەت بە سیستەمی پریپەیدیش کارەبایەکی باش بۆ هاووڵاتییان گەڕاوەتەوە و بە یەکێک لە پرۆسە پێشکەوتووەکان دادەنرێت، بۆیە پەیڕەوکردنی ئەم سیستەمە بەردەوام دەبێت.