بەدواداچوون بۆ گرانی نرخی کارەبای ستییەکان دەکرێت
![](/media/21216/photo_2023-07-30_14-04-45-1400.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133351976370000000)
رۆژی ۳۰ی تەممووزی ۲۰۲۳ ، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لە نزیک ئاگادار بوونی کێشە و گرفتی هاووڵاتییان و هاوبەشانی کارەبا پێشوازیی لە نوێنەرانی گردبوونەوەی دانیشتووانی ستییەکان کرد کە لەبەردەم وەزارەتی کارەبا بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەسەر نرخی کارەباکەیان گرد بووبوونەوە.
نوێنەرانی خۆپیشاندەران هیچ گلەییەکیان لەسەر خودی سیستەمی پێوەری زیرەک و پریپەید نەبوو، بەڵکوو بە پڕۆژەیەکی گرنگ بۆ وەرگرتنی کارەبایەکی ٢٤ کاتژمێری وەسف کرد و گلەییەکەیان تەنیا لەسەر بەرزی نرخی کارەبای ٢٤ کاتژمێری ستییەکان بوو، هەربۆیە داوای پێداچوونەوە بە نرخەکەیان کرد.
وەزیری کارەبا بەڵێنی پێدان لەگەڵ تیمی وەزارەت بەدواداچوونی جددی بۆ ئەم بابەتە دەکات و لێژنەیەک سەردانی ستییەکان دەکات و لە نزیکەوە بەدواداچوون دەکەن و پێشنیاز و بۆچوونی لێژنەکە بۆ وەزیر بەرز دەکاتەوە و بڕیاری پێویستی لە بارەوە دەدرێت.