Skip to the content

لە کابینەی نۆیەم ٣٣ ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی کارەبا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان تەرخان کراوە

لە کارنامەی کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوە خرابووە ڕوو، خزمەتکردنی هاووڵاتییان و گەیاندنی بۆ تەواوی ناوچەکانی کوردستان، بە بێ جیاوازی پێشینەی کارەکانی حکومەت دەبێت.

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ژێر ڕۆشنایی و کارنامەی حکومەتدا، هەنگاوی کرداری ناوە بۆ باشترکردنی سێکتەرەکانی کارەبای نیشتیمانی و گەیاندنی بۆ ئەو شوێنانەی کە سوودمەند نەبوونە، یان وەک پێویست پڕۆژەکانی کارەبایان پێ نەگەیشتووە، یەکێک لەو دەڤەرە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانە کە لە تەواوی شۆڕشەکان لە پێشەوەی قوربانییەکان بوونە، بە تایبەتی کارەساتی ئەنفال.

لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتی کارەبا، بە گوژمەى ٣٣ ملیار دینار پڕۆژەکانی کارەباى بۆ ئیدارەى سەربەخۆی گەرمیان جێبەجێ کردووە، ئەوانیش بریتین لە: دامەزراندنی وێستگەی ١٦٥ مێگاواتیی کارەبا لە گازی بەفیڕۆچووی کێڵگەی نەوت، دامەزراندنی وێستگەی گۆڕینی کارەبای ١٣٢ کیلۆڤۆڵت  بە گوژمەی ١٨.٣٨ ملیار دینار، دامەزراندنی وێستگەی گۆڕینی کارەبا ٣٣ کیلۆڤۆڵت لە ناحیەی ساڵحئاغا بە گوژمەی ١.٤ ملیار دینار، دامەزراندنی هێڵەکانی ١٣٢ کەیڤیی پاڵەپەستۆی بەرز بە گوژمەی ٤.٢ ملیار دینار لە نێوان کەلار-کفری، ٧٣ پڕۆژەیش بە گوژمەی ٩.٥ ملیار دینار بۆ گەیاندنی کارەبا بۆ گوندەکان و چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکانی کارەبا و بارزۆری و کڕینی کەرەستەکانی کارەبا بۆ کۆگاکان و ڕووناککردنەوەی شەقامەکان جێبەجێ کراوە.