Skip to the content

کۆمپانیاکانی وڵاتی پۆڵۆنیا ئامادەییی خۆیان بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی کارەبای هەرێم دەربڕی

ڕۆژی دووشەممە، ۲٤ی تەمووز ۲۰۲۳، لە نووسینگەی تایبەتیی وەزارەت، ئەندازیار کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە دۆمەنیک مێشێڵ، کونسوڵی گشتیی پۆڵۆنیا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا باسیان لە دەرفەتی وەبەرهێنان لە کەرتی کارەبا کرد و شاندی میوان ئاماژەی بە هاتنی شاندێکی گەورەی وڵاتەکەی کرد کە ژمارەیەک کۆمپانیای کارەبای تێدایە.

وەزیری کارەبا ئامادەییی وەزارەتی بۆ پێشوازیکردن لە کۆمپانیاکانی پۆڵۆنیا پێشان دا و لەبارەی ئەم پڕۆژانەی کارەبا گفتگۆیان کرد کە وەزارەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی زیادبوونی ژمارەی هاوبەشانی کارەبا و بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا جێبەجێی کردووە.

کونسوڵی گشتیی پۆڵۆنیا ئامادەییی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان پێشان دا کە لە ئێستادا لە زۆربەی وڵاتان بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە گەشەکردندایە.

لە کۆبوونەوەکەدا هەریەکە لە بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا و بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر بەشدار بوون.