وەزیری کارەبا لەگەڵ بەرپرسی کاروباری وزەی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبووەوە
کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، بۆ دوو بابەتی سەرەکیی نەوت و کارەبا لەگەڵ کریس دێیڤی، بەرپرسی کاروباری وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا و زەهرا بێڵ، کونسوڵی گشتی و بەرپرسی دۆسیەی ئابووری لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر و شاندێکی یاوەریان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، باسی لە گرنگی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردە کردنەوەی نەوت و هەوڵەکانی نووسینی ڕەشنووسی پرۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵ کرد.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە بارودۆخی کارەبا و پرۆژە و هەلەکانی وەبەرهێنان لە هەردوو کەرتی نەوت و کارەبا لە هەرێمی کوردستان.
لە دیدارەکەدا شاندەکە رایگەیاند کە بە مەبەستی ئاگاداربوون بوو لە وادەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆری کەرکوک - جیهان و بوونی کۆمپانیاکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنانیان لە هەردوو سێکتەری نەوت و کارەبا.
کریس دێیڤی، ئاماژەی بەوەدا وڵاتەکەی بە گرنگییەوە دەڕوانێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق، بەتایبەتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و پاڵپشی وڵاتەکەشی بۆ ئاسایبوونەوە و ڕێکەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر دووپات کردەوە.
هەر لە دیدارەکەدا سێکتەری کارەبا و دۆخی بەرهەمهێنان و پرۆژەکانی کارەبا و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و هاریکاریکردنی هەرێمی کوردستان بۆ بوژانەوە و پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی کارەبا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.