پڕۆژەی پریپەید بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبا فراوان دەکرێت
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی کرد، کە بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و بەڕێوەبەرانی گشتیی کارەبای پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و سۆران و زاخۆ و بەڕێوەبەری کۆنترۆڵ و لیژنەی پێوەری زیرەک ئامادەی بوون.
لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە بارودۆخی کارەبا و سەرکەوتنی دەستپێکردنی سیستەمی پریپەید کرا، کە لە ڕووی زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبا و دابینکردنی کارەبای بەردەوام و کەمکردنەوەی لۆد و چارەسەری گرفتی دووکەڵ و دەنگی مۆلیدە و پیسبوونی ژینگە و کۆتایهاتنی زێدەڕۆیی کاریگەریی گرنگی هەیە. بۆ ئەم مەبەستە تەواوی دەسەڵات درایە بەڕێوەبەرانی گشتیی کارەبای پارێزگاکان، تاوەکوو بە پێی خشتەیەکی زەمەنی بۆ سەرجەم کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکانی High cost جێبەجێ بکرێت.