بەهۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەردوو كێڵگەی گەرمیان و خۆرمەڵە ٣٣٠ مێگاوات كارەبا كەمی كرد
بەهۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەردوو كێڵگەی نەوت لە گەرمیان و خۆرمەڵە بەرهەمهێنانی كارەبا بەبڕی ٣٣٠ مێگاوات كارەبا كەمی كرد.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبا رایگەیاند:''بڕیارەكەی دادگای پاریس بووە هۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە چەند كێڵگەیەكی كوردستان و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی كارەبا كەمی كرد.''
وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەشی بەوەدا کە لە ئێستادا لە وێستگەی ١٦٥ مێگاواتی كارەبا لە گەرمیان كە بەغازی كێڵگەی نەوتی حەسیرە كارەبا بەرهەم دەهێنێت ٨٠ مێگاوات کارەبا كەمی كردووە و لە وێستگەی خۆرمەڵەش لە هەولێر بەبڕی ٢٥٠ مێگاوات كارەبا كەمی كردووە، بەمەش ٣٣٠ مێگاوات لە تۆڕی کارەبای نیشتمانی كوردستان كەمی كردووە.
وەزارەتی كارەبا لە هەوڵدایە بەپشت بەستن بە كارەبای هایدرۆپاوەری هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان و وێستگەكانی غازی سلێمانی و هەولێر قەرەبووی ئەو كەمبوونەوەیە بكاتەوە.