Skip to the content

روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی کارەباوە

دەنگۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەر کیلۆواتێکی کارەبا لە ١٨ دینارەوە بۆ ١٥٦ دینار دوورە لە ڕاستییەوە و، کرێی کارەبا بۆ هاووڵاتیان لە هەموو شوێنێک بە بازاڕ و سیتییە ئاساییەکانیشەوە هەمان نرخی جارانە و وەک خۆیەتی.
وەزارەتی کارەبا تەنیا بۆ سیتییە گرانبەهاکانی بە سیستەمی پریپەید، کە کارەبایەکی ٢٤ کاتژمێرییان هەیە و موەلیدەی ئەهلییان نییە، بڕیاری داوە هەر کیلۆواتێکی کارەبا بە ١٥٦ دینار ئەژمار بکرێت.
سیستەمی پریپەید تەنیا بۆ زیاترکردنی کاتەکانی پێدانی کارەبا و چارەسەرکردنی گرفتی قەرزی کارەبایە، کە بەهۆیەوە پێدانی کرێی کارەبا دەبێتە پێشوەختە.
ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم گەیشتووەتە نزیکەی (٧٤٠٠) مێگاوات، بەڵام بەهۆی کێشەی سوتەمەنی و نەختینەوە، ئێستا کەمتر کە (٤٢٠٠) مێگاوات بەرهەم دێت.
سیستەمی پریپەید بەشێکی زۆری ئەم کێشەیە چارەسەر دەکات و بەرەو دابینکردنی كارەبایەكی باشتر بۆ هاووڵاتیان هەنگاو دەنێین.
پرۆسەی سیستەمی پریپەید ماوەی ساڵێكە دەستیپێکردووە و، تا ئێستا لە سیتییەکانی گوندی ئیتاڵیی یەك و فیوچەر ستی و پارک ڤیو و جیهان ستی و گوندی لوبنانی و دریم سیتی و نازناز سیتی و كواترۆ تاوەر و ڕۆیا تاوەر و بازاڕی لەنگە لە هەولێر و بازاڕی دهۆک و ئەڤرۆ سیتی و بازاڕی عەلوەی سلێمانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کراوە.