Skip to the content

وەبەرهێنانی کارەبا لە وزەی خاوێن فراوانتر دەکرێت

ڕۆژی چوارشەممە، ۱۰ی ئایاری ۲۰۲۳، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا پێشوازیی لە سوهێل عابد، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئێسری ئەمەریکایی و شاندێکی یاوەری کرد کە بە مەبەستی وەبەرهێنان لە کەرتی کارەبا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو. لە دیدارێکدا باس لە چۆنییەتیی بەڕێوەبردنی سیستەمی کارەبا و پڕۆژەکانی پێوەری زیرەک و پریپەید و وزەی خۆر کرا.
 
وەزیری کارەبا جەختیی لەسەر فراوانبوونی تۆڕی کارەبا و زیادبوونی هاوبەشانی کارەبا بۆ نزیکەی یەک ملیۆن و هەشتسەد هەزار هاوبەش و ژمارەیەکی زۆری  وێستگەی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردن کردەوە، دواتر باسی لە هەنگاوەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی وزەی خاوێن کردەوە، کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ٣٠٪ی کارەبا لە ڕێگەی وزەی خاوێنەوە بەرهەم دێت و گرێبەست بۆ بەرهەمهێنانی ٧٥ مێگاوات واژوو کراوە و بڕیارە بەم نزیکانە بەردی بناغەی پرۆژەیەک بە توانای ٢٥ مێگاوات لە هەولێر دابنرێت.

بەڕێوەبەری کۆمپانیا سوپاسی وەزیری کارەبای کرد بۆ هەنگاوەگان بۆ باشترکردنی سێکتەرەکانی بواری  بەرهەمهێنانی کارەبا و کارو بەرنامە و پڕۆژەکانی خۆیانی بۆ وەزیری کارەبا ڕوون کردەوە و ئامادەییی کومپانیای نیشان دا بۆ  کارکردن بە سیستەمی نوێ لە سێکتەرەکانی کارەبای نشتیمانی .