Skip to the content

کۆمپانیا ئەڵمانییەکان دەیانەوێت لە کەرتی کارەبای هەرێم وەبەرهێنان بکەن

کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا پێشوازیی لە عەبدولعەزیز ئەلمخلاف، سەرۆکی ژووری بازرگانیی عەرەبی - ئەڵمانیا و سۆنتکی هێرن، سەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییەکانی بازرگانی و پیشەسازیی ئەڵمانیا لە عێراق کرد، کە بە سەرۆکایەتیی شاندێک لە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

وەزیری کارەبا بە بەرز نرخاندنی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئەڵمانیا لە بواری وەبەرهێنان، ئاماژەی بە جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژە و وێستگەکانی کارەبا لە لایەن کۆمپانیاکانی ئەڵمانییەوە لە هەرێمی کوردستان کرد.

هەر دیدارەکەدا، بە ئامادەبوونی ٢٧ بەڕێوەبەری کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا و نوێنەرانی ژمارەیەکی زۆری گرووپە کۆمپانیاکانی ئەم وڵاتە، باس لە دەرفەتەکانی کار و پرۆژەکانی داهاتووی وەزارەت و پێداویستییەکانی کەرتی کارەبای هەرێم کرا و تیشکیان خستە سەر دابینکردنی تەکنۆلۆژیا و ئامێر و بەرهەمە جۆراوجۆرەکانی ئەڵمانیا لە بواری کارەبادا.

سەرۆکی ژووری بازرگانیی عەرەبی - ئەڵمانیا ئامادەیی ژوورەکەیانی بۆ فراوانترکردنی وەبەرهێنانیان لە داهاتوویەکی نزیکدا لە هەرێمی کوردستان خستە ڕوو.

وەزیری کارەبا، ئاسانکاریی وەزارەتی بۆ وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان لە هەر سێ بەشی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبای هه‌رێم دەربڕی.