کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر: بەدواداچوون بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردنی نەوت دەکەین
رۆژی سێشەممە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبا و سامانە سروشتییەكانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارك سترۆ، كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە دیدارێکدا كونسوڵی نوێی ئەمەریكا خۆشحاڵیی خۆی بۆ وەبەرهێنان لە كەرتەكانی كارەبا و ووزە و نەوت دەربڕی و ئاماژەی بە هەوڵەكانی دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و دەرکردنی ڕەشنووسی پرۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵیی دا و رایگەیاند:'' لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پرۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەین و دەزانین ڕاگرتنی نەوت کاریگەریی خراپی بۆ سەر داهات و کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان و بازاڕە جیهانییەكان هەبووە، بۆیە چارەسەرکردنی کێشەی داهات و پەسەندکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵیی لە ئەولەوییەتەکانی سیاسەت و بەرنامەی واشنتۆنە.''
لە لایەن خۆیەوە کەمال محەمەد ساڵح، سوپاسی ڕۆڵی ئەمەریکای کرد بۆ گرنگیدان بە هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و بەدواداچوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نەوت و گاز و فراوانکردنی وەبەرهێنان و دەرکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بە هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا.
هەر لەو دیدارەدا كۆمەڵێك بابەتی تایبەت بە هەناردەكردنی گازی سروشتی و گرفتی موستەحەقاتی كۆمپانیاكانی نەوت و پەیوەندییەكان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵ و حكومەتی عێراقی فیدراڵ گفتوگۆو تاوتوێكرا.