Skip to the content

کۆبوونەیەکی تایبەت لەبارەی کەمبوونەوەی کاتەکانی پێدانی کارەبا و پرۆژەی پریبەید بەڕێوەچوو

رۆژی چوارشەممە ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، لە دیوانی وەزارەتی کارەبا، بە سەرپەرشتیی كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبا و د.محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە کەمبوونەوەی کارەبا و سیستەمی پریبەید بەڕێوەچوو.

لە كۆبوونەوەكەدا، هۆکارەکانی کەمبوونەوەی کارەبا و پڕۆژەی پریپەید و نرخی کارەبای ٢٤ کاتژمێری پرۆژەکانی نیشتەجێبوونی وەبەرهێنان خرایەڕوو و پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان پشتگیریی خۆیان بۆ پێشنیاری وەزارەتی کارەبا بۆ دابەزاندنی نرخی کارەبای پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و کارگەکان دەربڕی، کە لە چاوەڕوانیی ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران دایە.

پارێزگاری هەولێر داوای کرد ڕەچاوی پشکی پارێزگای هەولێر لە پێدانی کارەبا بکرێت و جەختی لە تێستی وەرزی بۆ پشکی کارەبای پارێزگاکان کردەوە.

هە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارگرانیی سەر کارەبا کرا، کە خواست لەسەر کارەبا شەش هەزار مێگاواتی تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا بەرهەمهێنان تەنیا سێ هەزار مێگاواتە و زیادکردنی بەرهەمیش پێویستی بە سووتەمەنی و بوودجە هەیە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، پێداگیریی لەسەر داواکارییەکانی هاووڵاتیان لەوانە دانیشتوانی پرۆژەکانی وەبەرهێنان کرا و بەم نزیکانە بڕیاری گونجاو لەبارەوە دەدرێت.