كونسولی گشتيی ئەمەریكا: حكومەتی ئەمەریكا بە توندی سەركۆنەی هێرشەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر دەكات
![](/media/26268/dsc02642-1400.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133588758340000000)
ڕۆژى دووشەممە ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٤، كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەکالەت، پێشوازی لە مارك سترۆ، كونسولی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان و شاندێکی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا كونسولی ئەمەریكا نیگەرانیی خۆی لە هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆڕ و گیانلەدەستدانی چوار كارمەندی كێڵگەكە دەربڕی، و هێرشەکەی بە تیرۆرستی دانا و ئامانج لێی زیانگەیاندنە بە لایەنی ئەمنی و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.
ههروهها ئاماژەی بەوە دا، کە وەزارەتی دەرەوەی ئهمهريكا لەنزیكەوە چاودێری و بەدواداچوونی گۆڕانكارییەكان دەكات و هەوڵەكانی بۆ پشتگیری لە ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و ڕێگرتن لە بەزاندنی سەروەری خاكی عێراق و هێرشی تیرۆریستی بەردەوام دەبێت.
وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، سوپاسی حكومەتی ئەمەریكای كرد بۆ سەركۆنەكردنی ئەو هێرشە، و هەوڵەكانی ئەمەریكای بەرز نرخاند و داواشی كرد هەوڵەكانیان بۆ پاراستنی ژێرخانی وزە و ئابووریی هەرێم چڕ بكەنەوە، کە ئەمە نۆیەمین هێرشە دەکرێتە سەر ئەم کێڵگەیە و زیانى بە ئابووریی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ گەیاندووە.