وێستگەی 165 مێگاواتی گەرمیان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق بە یەكەمین وێستگەی كارەبا دادەنرێت
ڕۆژی یەکشەممە ١٤ــی نیسانی ٢٠٢٤، لە یادی سی و شەش ساڵەی تاوانی جینۆسایدی ئەنفالدا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و به ئامادەبوونی كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەكالەت، سەردانی وێستگەی ئەگریكۆی ١٦٥ مێگاواتی كارەبای لە گەرمیان كرد و یەكەكانیان بەسەر كردەوە، كە لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە غازی بەفیرۆچووی كێڵگەكانی گەرمیان كار دەكات.
وێستگەی ١٦٥ مێگاواتی گەرمیان، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق بە یەكەمین وێستگەی كارەبا دادەنرێت كە دۆستی ژینگەیە و بە غازی بەفیڕۆچووی كێڵگەی نەوتی گەرمیان كار دەكات و بە تێچوویەکی كەم بەراورد بە وێستگەكانی دیكە، كارەبا بەرهەم دەهێنێت.
لەو سەردانەدا هەر یەك لە بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای گەرمیان یاوەریان بوو.
لە هەمان ڕۆژدا، وەزیری كارەبا سەردانی وێستگەی ١٣٢ كەی ڤی ٢ــی كەلاریان كرد، كە بەبڕی ١٨ ملیار و ١٣٢ ملیۆن دینار دادەمەزرێت و لە ٨٠%ــی كارەكانی تەواو بووە، لە كۆتاییی ئەمساڵدا دەخرێتە كار.
وەزیری كارەبا باسی گرنگیی ئەم پرۆژەیەی بۆ كەلار و گەرمیان بە گشتی كرد، كە بۆ گواستنەوەی كارەبا و كەمكردنەوەی كێشەی ڤۆڵتییە گرنگیی ڕادەبەدەری بۆ تەواوی ناوچەكە هەیە.