Skip to the content

كونسولی گشتيی ئەمەریكا: حكومەتی ئەمەریكا بە توندی سەركۆنەی هێرشەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر دەكات

ڕۆژى دووشەممە ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٤، كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەکالەت، پێشوازی لە مارك سترۆ، كونسولی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان و شاندێکی یاوەری كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا كونسولی ئەمەریكا  نیگەرانیی خۆی لە هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆڕ و گیانلەدەستدانی چوار كارمەندی كێڵگەكە دەربڕی، و  هێرشەکەی بە تیرۆرستی دانا و ئامانج لێی زیانگەیاندنە بە لایەنی ئەمنی و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.

هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوە دا، کە وەزارەتی دەرەوەی ئه‌مه‌ريكا لەنزیكەوە چاودێری و بەدواداچوونی گۆڕانكارییەكان دەكات و هەوڵەكانی بۆ پشتگیری لە ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و ڕێگرتن لە بەزاندنی سەروەری خاكی عێراق و هێرشی تیرۆریستی بەردەوام دەبێت.

وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، سوپاسی حكومەتی ئەمەریكای كرد بۆ سەركۆنەكردنی ئەو هێرشە، و هەوڵەكانی ئەمەریكای بەرز نرخاند و داواشی كرد هەوڵەكانیان بۆ پاراستنی ژێرخانی وزە و ئابووریی هەرێم چڕ بكەنەوە، کە ئەمە نۆیەمین هێرشە دەکرێتە سەر ئەم کێڵگەیە و زیانى بە ئابووریی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ گەیاندووە.