Skip to the content

كۆمپانيا فه‌ره‌نساييه‌كان وه‌به‌رهێنان له‌ كه‌رتى كاره‌باى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن

ڕۆژى سێشه‌ممه‌ ٢ــی نیسانی ٢٠٢٤، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا، پێشوازی لە یان برایم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا، وەزیری کارەبا ڕۆڵی گەل و حکومەتی فەرەنسای بۆ پاڵپشتيی هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند، ئامادەیيی وەزارەتەکەشی بۆ هاوکاری و کاراسانی بۆ کۆمپانیاکانی ئەم وڵاتە دەربڕی.

کونسوڵی گشتیی فەرەنسا ڕایگەیاند: وڵاتەکەی پەیوەندیی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەیە و جەختى لە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان کردەوە، و گوتی: نێوانگیری و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە پێشەنگی کارەکانی حکومەتى فه‌ره‌نسایە.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی فەرەنسا لە بواری وزە نوێبووەکان و گواستنەوە و پێوەری زیرەکی کارەبا، کە لە پلان و بەرنامەی وڵاتەکەیە وەبەرهێنان لە کەرتی کارەبای هەرێمی کوردستان بکات.

ژمارەیەک کۆمپانیای فەرەنسايى لە بواری دامەزرانی وێستگەکانی کارەبا کاریان لە هەرێمی کوردستان کردووە، چونكه‌ تەکنەلۆژیا و ئامێری کارەبایيی فەرەنسا  لە ئاستێکی بەرز دایە.