Skip to the content

لێژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڕووداوەکانی کارەبا و پاراستنی گیانی کارمەندان و هاووڵاتيیان فراوانتر دەکرێت

ڕۆژى چوارشەممە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٤، لە نوسینگەی وەزارەت، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی کاری ليژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووداوەکانی کارەبا و پابەندکردنی کارمەندانی وەزارەت بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی سەلامەتیی پیشەیی و سەلامەتیی هاووڵاتیيان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری کارەبا جەختی لە سەلامەتيی کارمەندان کردەوە، و سوپاسی تەواوی فەرمانبەرانی وەزارەتی کرد کە پێشمەرگەئاسا زۆرجار گیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتيیان و چارەسەرکردنی گرفت و کێشەکانی کاەبا.
دواتر بڕیار درا پێداچوونەوە بە سەرجەم ڕێنمایی و مەرجەکانی سەلامەتیی پیشەیی و ليژنە هەمیشەییەکان بکرێت و لیژنەکە فراوانتر بکرێت و کەسانی پسپۆڕ و شارەزای دیکە بکرێنە ئەندامی لیژنەکە، بۆ ئەوەی زیانی جەستەيی و گیانی تووشی کارمەندانی بەشی چاككردنه‌وه‌ و هاووڵاتییان نه‌بێتەوە.