Skip to the content

لەپێناو کاراسانی هاووڵاتییان بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی زاخۆ کرایەوە

ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٤، لەسەر ڕاسپاردەی کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، ڕێبین زەنگەنە بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەت و فەلاح مەولود بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی کانزایی، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی زاخۆیان کرد و لەلایەن گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پێشوازییان لێ کرا.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی زاخۆی بە گرنگ دانا بۆ زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان و ئامادەییی خۆی بۆ هەموو کاراسانی و هاوکارییەک دەربڕی.
هەر لەو سەردانەیدا، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەت لەگەڵ موحسن تەها، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزکانی زاخۆی کرد، و وێڕای پیرۆزباییی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەکە، هیوای سەرکەوتنی بۆ ئاراز هاشم بەڕێوەبەری نوێی نەوت و کانزاکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ خواست و پێدانی ژمارەیەک لە دەسەڵاتە کارگێڕییەکانی پێ ڕاگەیاند.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوان، گوێبیستی داواکاری و پێشنیارەکانی کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بوو، بۆ زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان و ڕاستەوخۆ داواکارییەکانیان خرانە بواری جێبەجێکردنەوە، و داوای لێ کردن هەموو هەوڵی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی دابەشکردنی نەوت و بەنزین بەپێی مەرج و ڕێنماییەکانی وەزارەت، بدەن و ڕێگا بە سەرپێچییەکانیش نەدرێت.
هەر لەمیانەی سەردانەکەدا، لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی دهۆک کۆبوونەوەیەک بەڕێوە چوو، چەند بڕیارێک بۆ ڕێگرتن لە سەرپێچییەکان و کەمکردنەوەی ڕۆتین درا و داوایان لێ کرا خزمەتی زیاتری هاووڵاتییانی دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بکەن.