Skip to the content

وەزیری کارەبا: زیادبوونی بەرهەمهێنانی کارەبا و گەیاندنی بۆ هەموو ناوچەکانی هەرێم کاری لەپێشینەی وەزارەته‌

ڕۆژی دووشەممە ١٢ی شوباتی ٢٠٢٤، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بژار مەلا خدر، قایمقامی قەزای قوشتەپە کرد.
 لە دیدارێکدا، باسیان لە پێداویستی و چارەسەرکردنی کێشەکانی کارەبای سنووری قەزای نوێی قوشتەپە کرد و بڕیار درا وێستگەیەکی مۆبایل بۆ سنوورەکە دابین بکرێت و وێستگەی قوشتەپەش نۆژەن بکرێتەوە.
وەزیری کارەبا جەختی لەوە کردوە کە لە کابینەی نۆيه‌مدا لەژێر  فەرمان و ڕێنمایی مەسرو بارزانی، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، کار و چالاکی و پرۆژەکانمان بۆ هاووڵاتیيان کاری لەپێشیینەمان بێت.
لە بەرانبەردا،  بژار ملا خدر سوپاسی وەزیر و ستافی وەزارەتی کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ ئەوەی هەرێمی کوردستان تووشی کۆمەڵێک قەیران و کێشەی ئابووری و سیاسی بوویەوە، بەڵام وەزارەتی کارەبا توانی سێکتەرەکانی کارەبا بەرەو پێش ببات.
 هه‌ر لە دیدارەکەدا، كه‌ بەڕێوەبەری گشتیى دیوان و بەڕێوەبەری گشتیى کارەبای پارێزگای هەولێر ئامادەبوون، وەزیری کارەبا بەبۆنەی بە قەزابوونی ناحیەی قوشتەپە، پیرۆزبایی لە قایمقام و خەڵکی سنوورەکە کرد.