Skip to the content

ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی کوردستان بیرۆکەی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا پێشکەشی وەزارەتی کارەبا کرد

رۆژی دووشەممە ٢٢ی کانوونی دووەم ٢٠٢٤، لە نوسینگەی تایبەت کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا پێشوازیی لە دکتۆر ئازاد نەجاڕ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی کوردستان KII کرد.

سەرۆکی پەیمانگای کوردستان چەند بیرۆکەیەکی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی هایدرۆپاوەر لە زاخۆ و چەند پڕۆژەیەکی دیکەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر و با لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو. له‌ بەرامبەردا وەزیری کارەبا ئامادەیی وەزارەتی بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکاری و هاوکارییەک نیشاندا کە ببێتە هۆی پێشخستنی زیاتری سێکتەری بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی وزە نوێبووەکانەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری کارەبا ئاماژەی بە زیادبوونی هاوبەشانی کارەبا کرد کە تەنیا لەم کابینەیەدا ٤٠٧ هەزار هاوبەشی نوێی کارەبا زیاد بووە، و هەروەها پڕۆژە و کارەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزە نوێبووەکان خستەڕوو کە لە ئێستادا وەزارەت زیاتر بایەخ بە بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا دەدات لە رێگەی سێکتەرە جیاوەزەکان.