Skip to the content

وەزیری کارەبا: فەرمانبەران پێشمەرگەئاسا لە خزمەتی هاووڵاتییان و هاوبەشانی کارەبادا بوونە

ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی تەمووزی ٢٠٢٤، ئەندازیار کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای هەولێری کرد و لەگەڵ فەرمانبەرانی بەشی فرۆشیاریی یەک کۆبووەوە. وەزیری کارەبا جەختی لە گرنگیی خزمەتگوزاریی کارەبا و کار و پرۆژەکانی وەزارەتی کارەبا کردەوە.
لە تەوەرێکی دیکەدا، سوپاسی شەونخوونی و ماندووبوونی کرێکار و فەرمانبەرانی کارەبای کرد، کە لەگەڵ بوونی قەیرانی دارایی و بارگرانیی گوزەرانیان، فەرمانبەران پێشمەرگەئاسا لە خزمەتی هاووڵاتییان و هاوبەشانی کارەبادا بوونە.
بەشێکی تری کۆبوونەوەکە تایبەت کرا بە پرۆژەی خستنەگەڕی سیستەمی نوێ (CRM)، لە فرۆشیاری وزەی هەولێر 1 و چۆنییەتی باشترکردنی کەرتی دابەشکردنی کارەبا و گەیاندنی ئەم خزمەتگوزارییە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک لە سنووری پارێزگەی هەولێر. کە لە ئێستادا تیمێکی شارەزا سەرقاڵی هاوکاریکردنی پلانی وەزارەتی کارەبان، بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە.
لە کۆبوونەوەکەدا ڕاوێژکاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای هەولێر و نوێنەری نووسینگەی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی بوون.