وەزیری کارەبا پێشوازی له كونسولى ئابووريی کونسولخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان كرد
ڕۆژی دووشەممە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٤، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، به ئامادهبوونى بەڕێوەبەرانی گشتيی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردن و بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم، پێشوازی له ئەلێکس بێلا، كونسولى ئابووريی کونسولخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان كرد.
لە دیدارێکدا، باسیان لە بارودۆخی کەرتی کارەبا و غازی سروشتيی هەرێمی کوردستان کرد، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، وێڕای باسکردنی دۆخی کارەبا و جێبەجێکردنی پرۆژەکانی وەزارەت، جەختی لە پەرەپێدانی غازی سروشتی کردەوە، کە بۆ خزمەتکردنی ژێرخانی وزە لە هەرێمی کوردستان گرنگە.
لەلایەن خۆیەوە كونسولى ئابووريی ئهمهريكا، پرسی نەوت و غازی سروشتيی هەرێمی کوردستانى بۆ وڵاتەکەی بە پرسێکی گرنگ زانی و هیواشی خواست هەردوو حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەوڵەکانیان بەردەوام بن بۆ هاریکاری و هاوکاريی زیاتری یەکتر.
کونسولی ئابووريى ئەمەریکا له ههرێم سوپاسی وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی کرد، کە ئەرکێکی قورسیان لەسەر شانە و توانیویانە هەماهەنگی لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەت ڕێک بخەن و بەسەر ئاستەنگەکاندا سەربکەون، لەگەڵ عێراقیش هەماهەنگيی باش هەیە، هاوکات بەباشی دەزانن هەرێمی کوردستان لە کەرتی کارەبا، لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدراڵ ڕێکەوتنی درێژخایەن واژۆ بکەن و هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ چارەسەرکردن و پەرەپێدانی کەرتی کارەبا و وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی کارەبا بکرێت.