Skip to the content

حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی ئەزموونیی کارەبای 24 کاتژمێری لە گەڕەکێکی هەولێر ڕادەگەیێنێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان - ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبا بە خۆشحاڵییەوە دەستپێکی پرۆژەیەکی ئەزموونی ڕادەگەیێنێت، ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای نیشتیمانيی 24 کاتژمێرییە بۆ بەشێکی دانیشتووانی گەڕەکی شادی، کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای شاری هەولێر.
بەهۆی ئەوەی پرۆژەکە لە قۆناغێکی ئەزموونیدایە، هەماهەنگيی پێویست لەگەڵ مۆلیدەکانی گەڕەک کراوە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ئەگەری پچڕانی کارەبا لە ناوچەکەدا.
مانگانە سەرجەم دانیشتووان و شوێنە بازرگانییەکانی ئەم گەڕەکە، تەنها یەک پسوولەی کارەبایان بۆ دێتەوە، کە بەشێوەیەکی بەردەوام لە ڕێگەی کورتەنامە (SMS)ـەوە ئاگه‌دار دەکرێنەوە، لەبارەی ڕێژەی بەکارهێنانیان، ئەمەش ئاسانکارییەکە بۆ ئەوەی ئاستی بەکارهێنانیان بزانن.
ئەم پرۆژە ئەزموونییە یارمەتیدەری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت لەوەی باشتر لە پێویستی و داواکارییەکانی هاووڵاتییان تێبگات، تاوەکوو لە داهاتوودا بتوانێت کارەبای 24 کاتژمێری بەشێوەیەکی کارامە بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان دابین بکات.

وەزارەتی کارەبا
حکومەتی هەرێمی کوردستان