Skip to the content

داشکاندنی کرێی کارەبا و قەرزەکانی لای هاووڵاتییان تا کۆتایيی مانگی تەمموز بەردەوام دەبێت

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ٢٦ی حوزه‌یرانى ٢٠٢٤، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا لە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەی ئەنجومەنی وەزیران ڕاپۆرتێک لەبارەی ڕەوشی کارەبا لە وەرزی هاوین و هەوڵەکانی وەزارەت بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا خستەڕوو. زیاترکردنی بڕی کارەبای بەرهەمهێنراو لە کابینەی نۆیەمدا، بۆ چاکسازییەکانی لە سێکتەری کارەبا گەڕاندەوە.
گوتیشی: خواست لەسەر کارەبا لەم مانگەدا ٤٨٠٠ مێگاواتە، بەڵام بەرهەمهێانی کارەبا ٣٩٨٩ مێگاواتە و بە تێکڕا نزیکەی ١٣ کاتژمێر کارەبای نیشتمانی دابین کراوە.
وەزیری کارەبا، هۆکاری کەمبوونی کارەبای بۆ کەمیی گازی سروشتیی پێویست، بۆ بەگەڕخستنی یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و گەشەی ساڵانەی هاوبەشانی کارەبا و زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا گەڕاندەوە.
ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری وەزیری کارەبای لەبارەی بەردەوامبوونی داشکاندنی ڕابردووی کرێ و قەرزەکانی کارەبا لای هاووڵاتیان بە ڕێژەی (%٢٠) پەسند کرد و بڕیار درا تا رۆژی ٢٠٢٤/٧/٣١ داشكاندنه‌كه‌ بەردەوام دەبێت.