Skip to the content

هێڵی 132 کەی ڤی لە نێوان وێستگەی بازیان - ڕانیە کرایەوە

ڕۆژی دووشەممە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا، هێڵی ١٣٢کەی ڤی لە نێوان وێستگەی بازیان - ڕانیە کرایەوە.

پرۆژەکە بە دانانی نزیکەی ٣٠٠ تاوەر بە درێژاییی ١٠٠ کیلۆمەتر، کارەبا لە وێستگەی بازیان بۆ ڕانیە، بە تێچووی نزیکەی ٣٢ ملیار دینار لە لایەن کۆمپانیای هێرۆوە جێبەجێ کراوە.
جێگری سەرۆکوەزیران بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە دەستخۆشی لە وەزارەتی کارەبا کرد.

کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا باسی لە گرنگیی هێڵەکە بۆ دانیشتووانی دەڤەرەکە کرد کە توانای گواستنەوەی کارەبایەکی زیاتری هەیە.

وەزارەتی کارەبا لە کابینەی نۆیەم، لە پرۆژەکانی هەوڵی داوە بێ جیاوازیی جوگرافی، پرۆژەکانی ئەنجام بدات، ئەو هەنگاوە خزمەتگوزارییانەی وەزارەت بوونەتە جێگەی دڵخۆشیی هاووڵاتییان و هاوبەشانی کارەبا.

شایانی باسە پرۆژەکە کێشەی ڤۆلتیەی  کارەبای ناوچەکە چارەسەر دەکات و توانای گواستنەوەی کارەبا بۆ ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین زیاد دەکات. 

وەزیری کارەبا دواتر سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای ڕاپەرینی کرد و پێداگیری لەسەر گرنگیی پرۆژەکە بۆ دەڤەری ڕاپەڕین کرد و لە نزیکەوە گوێبیستی داواکاری و پێشنیارەکانیان بۆ بونیاتنانی ژێرخانی کارەبا، بە تایبەتی دانانی وێستگەکانی کارەبا لە ناوچەکە بوو.