75مێگاوات کارەبا بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی لافاوەكەی دهۆك و زاخۆ زیاد کرا
ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ئاداری ٢٠٢٤، لەسەر ڕاسپاردەی كەمال محمد ساڵح، وەزیری کارەبا، بۆ بەهاناوەچوونی زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، شاندێكی وەزارەتی کارەبا بە سەرپەرشتیی ئەردەڵان دۆسکی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەت، بەشداریی سێ كۆبوونەوەی لەگەڵ د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك و گۆهیدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و قایمقامی دهۆکی كرد.
لە کۆبوونەوەکاندا، شاکر مەحمود، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک، و ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم ئامادەی بوون، بڕی ٧٥ مێگاوات کارەبا بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی دهۆک و زاخۆ زیاد کرا، تا ئەو کاتەی چارەسەری تەواوی زیانەکان دەکرێت و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە. بەڕێوەبەری گشتیی دیوان ئامادەییی وەزارەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشە پەیوەندیدارەکانی کارەبا دەربڕی، کە بە هۆی لافاوەوە ڕووی داوە، و بە ناوی وەزیری کارەباوە سوپاسی تیمەکانی کارەبای کرد کە لە کاتی لافاوەکە و دوای کارەساتەکەش لە ئامادەباشیدا بوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کارەبا.