Skip to the content

وەزارەتی کارەبا: بۆ وەرزی هاوین بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد دەکات

ڕۆژى پێنجشه‌ممه‌ ٣٠ى ئايارى ٢٠٢٤، ئەنجومەنی وەزارەتی کارەبا بە سەرپەرشتیی کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا كۆبووه‌وه‌ و چەند بڕیارێکی گرنگی دا.
لە کۆبوونەوەکەدا، بریکار و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی کارەبای پارێزگه‌کان و ئیدارە سەربەخۆکان ئامادەى بوون، بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی دادپەروەری لە دابەشکردنی کارەبا لە نێوان پارێزگه‌کان درا.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە بەرنامەی کارەبا لە وەرزی هاویندا، بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەکانی بازیان و خەبات و ماس زیاد دەکرێت و هەوڵ دەدرێت یەکەیەکی دیکەی وێستگەی کواشی بە گازوایل بەگەڕ بخرێت و چاککردنەوەی یەکەکانی وێستگەکانیش ئەگەر زۆر پێویست نەبێت نەخرێتە وەرزی هاوین.
هه‌روه‌ها تیمەکانی هێڵەکانی پاڵەپەستۆی بەرز وێڕای ئەوەی چاکسازییان لە هێڵەکانی کارەبا کردووە، لە ئامادەباشیدان بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکی تەکنیکی. هەروەها بڕیاری کارپێکردن و تەواوکردنی پرۆژەی پێوەری زیرەک لە شارەکان درا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سوپاس و پێزانین پێشكەشی دیار بابان بەڕێوەبەری پێشووی گشتيی کاروباری وزە کرا، دوای ئەوەی خانەنشین بوو. هاوکات پیرۆزبایی لە عەلی محەمەد کرا بە بۆنەی دەرچوونی فەرمانی دەست بەکاربوونی وەکوو بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین.