Skip to the content

لە کابینەی نۆيه‌مدا زۆرترین کۆمپانیای وڵاتان بە مەبەستی ئەنجامدانی پرۆژەکانیان لە بواری کارەبا ڕوویان لە هەرێم کردووە

ڕۆژى یەکشەممە ١٢ـی ئایاری ٢٠٢٤، کەمال محمەد ساڵح، وەزیری کارەبا، پێشوازی لە کوان شا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای (TBEA)ــى چینی کرد. کۆمپانیاکە وەک گەورەترین کۆمپانیای دروستکردنی گۆڕەڕ و سێیەمین کۆمپانیای کارەبا لە چین بە مەبەستی خستنەڕووی پلانەکانی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە لە کەرتی کارەبا، سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و پرۆژەکانی لە بواری گواستنەوە و بەرهەمهێنانی کارەبا، لە ڕێگه‌ی وزە نوێبووەکان بە شێوازی قەرز جێبەجێ دەکات، بۆ ئەمەش قەرز لە گەورە بانکەکانی چین وەردەگرێت.

بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە ئامادەیيی خۆی بۆ هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆییەکانی هەرێم بۆ دابینکردنی محاویلە و کێبڵ و پێداویستییەکانی کارەبا دەربڕی، هەروەها ئامادەییشی بۆ توێژینەوەی بێبەرانبەر بۆ دانانی پرۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە چیاکان دەربڕی.

وەزیری کارەبا ئامادەیيی وەزارەتی بۆ هاوکاری و کاراسانی بۆ کۆمپانیاکە، بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانیان لە کەرتی کارەبای هەرێم پێشان دا و بەرنامەی وەزارەت بۆ هاندان و ڕاکێشانی کۆمپانیا گەورەکانی کەرتی کارەبا و کردنەوەى لقی کۆمپانیاکانی لە هەرێمی کوردستان خستە ڕوو.

شایانی باسە لە کابینەی نۆيه‌می حکومەتی هەرێمی کوردستان، زۆرترین کۆمپانیای وڵاتان ڕوویان لە هەرێم کردووە بە مەبەستی ئەنجامدانی پرۆژەکانیان لە سێکتەرە جیاوازەکانی بواری کارەبا.