Skip to the content

وەزیری كارەبا سەردانی سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی كرد

ڕۆژى دووشه‌ممه‌ ٧ تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢٤، كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبا لەگەڵ شاندێکی وەزارەت، سەردانی سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی كرد و لە لایەن كاوە فەتحی مەعسوم، سەرۆكی داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان پێشوازی لێ كرا و لەبارەی چەند تەوەرێكی پەیوەندار بە هەردوو وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان گفتوگۆیان کرد.
وەزیری كارەبا سوپاسی سەرۆكی داواكاری گشتی و حاكمەكانى كرد كە لە سەرجەم سێكتەرە پەیوەندارەكانی تایبەت بە پێدانی كارەبا و پێوەری زیرەك و پریپەید و دابەشكردنی نەوت و پاراستنی ژینگە ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە.
تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە كوالێتی بەنزین و گازوایل، وەزیری كارەبا ئامادەیيی خۆی بۆ هاوكاری و پاڵپشتيی دەستەی سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی بۆ لێپرسینەوە و بەدواداچوونی هەر كۆگه‌ و پاڵاوتگە و بەنزینخانەیەك دەربڕی، كە بە شێوەیەکی نایاسایی دەستكاری كوالێتیی بەنزین بكات.
لەلایەن خۆیەوە سەرۆکی داواکاری گشتی سوپاسی وەزیری کارەبای کرد لە بەرانبەر کار و ئەو پرۆژانەی جێبەجێ کراون.