وەزیری کارەبا پێشوازی لە کونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کرد
ڕۆژی دووشهممه ١٦ ی ئهیلوولی ٢٠٢٤، كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت پێشوازی لە ستیڤن بیتنەر، كونسولی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە دیدارێكدا کونسولی گشتیی ئەمەریکا وێڕای دەربڕینی ئامادەییی وڵاتەکەی، بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە بواری كەرتی كارەبا و نەوت، باسی گرنگیی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانی کرد و ئەمەریكا بۆ ئەم مەبەستە ڕۆڵی وەک هاوبەشێکی گرنگی هەرێمی كوردستانی هەیە و لە نزیکەوە ئاگەداری ئالنگارییەکانە و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان و سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە دەدات.
كونسولی گشتیی ئەمەریكا هیوای خواست كێشەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ، لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن، بەتایبەتی بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە زیانێکی گەورە بە ئابووریی هەرێم و کۆمپانیاکان کەوتووە و ئەمەریکا چاوەڕوانە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە و بەغداش پشکی هەرێم لە سووتەمەنی دابین بکات، چونکە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە بەرژەوەندیی هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقە.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا کونسولی گشتیی ئەمەریکا خۆشحاڵیی خۆی بۆ بوونی ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکانی گاز و نەوت لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و بەڵێنی دا لەگەڵ هاوکارانی لە بەغدا لەسەر هێڵ دەبن، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم و گەیشتن بە ڕێگەچارەی گونجاو لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق.
کەمال محەمەد وێڕای گرنگ نرخاندنی ڕۆڵی کۆمپانیاکانی ئەمەریكا لە کەرتی وزەی هەرێم، ئاماژەی بە بونیاتنانی ژێرخانی کارەبا کرد، کە ٧٦٠٠ مێگاواتە و ئێستا ٤٤٠٠ بۆ ٤٥٠٠ مێگاوات بەرهەم دێت و داوای کرد کۆمپانیاکانی ئەم وڵاتە ڕۆڵێکی زیاتریان لە بەگەڕخستنی وەبەرهێنان لە کەرتی کارەبادا هەبێت.