Skip to the content

وەزیری كارەبا سەردانی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای بازیانی لە پارێزگای سلێمانی كرد

ڕۆژى دووشه‌ممه‌ ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٥، لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ پارێزگه‌ی سلێمانی، كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبا و شاندی یاوەری سەردانی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای بازیانیان لە پارێزگه‌ی سلێمانی كرد، لەلایەن شێخ سەعد تەیب، سەرۆكی جێبەجێكار و دامەزرێنەری كۆمپانیای تۆرەس پێشوازی لێ كرا.
لەكۆبوونەوەیەكدا هەنگاوەكانی بەرەوپێشچوونی وێستگەكە و پلان و بەرنامەی كۆمپانیاكە دوای واژۆكردنی گرێبەستی لەگەڵ گەورە كۆمپانیای وزە جی ئی ڤێرنۆڤا بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی وێستگەكە تاووتوێكرا، وەزیری كارەبا دەستخۆشی لەتیمی وێستگەكە كرد كە بەشێوەیەكی پێشكەوتوو وێڕای بەرهەمهێنانی كارەبا، پابەندی لایەنی پاراستنی ژینگەیی بوون. لەلایەن خۆشیەوە شێخ سەعد تەیب سوپاسی پاڵپشتی و هاوكاریی وەزارەتی كارەبا و سامانە سروشتییەكانی كرد، كە ڕۆڵی گەورەیان لە بنيادنانی وێستگەكە و دابینكردنی سوتەمەنی و بەردەوامی ئیشپێكردن و فراوانكردنی وێستگەكه‌ هەبووە.
وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای بازیان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بنیاتنرا و لە ماوەیەكی كەمدا دەستی بە بەرهەمهێنانی كارەبا كردووە، ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبای گەیشتووه‌تە ١٢٥٠ مێگاوات.