Skip to the content

وەزیری کارەباى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای وەزارەتی کارەبای فیدراڵ کرد

ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ ٢٠٢٥/٨/٣١، کەمال محه‌مه‌د ساڵح، وەزیری کارەبا، پێشوازی لە خالید غەزایی، بریکاری وەزارەتی کارەبای فیدراڵ و شاندێکی یاوەری کرد. لە دیدارێکدا کە بەڕێوەبەرانی گشتيی دیوان گواستنەوە و دابەشکردن و کۆنترۆڵ و بەرپرس و نوێنەری کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی کارەبا لە هەرێم ئامادەى بوون، جەخت لەسەر پەیوەندییەکانی هەردوو وەزارەت کرایەوە و دەستکەوتەکانی وەزارەتی کارەبا لە پرۆژەی ڕووناکيی ٢٤ کاتژمێريی کارەبا لەلایەن وەزارەتی کارەبای فیدراڵەوە بەرز نرخێندرا.
تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە تایبەت بوو بە بارودۆخی کارەبا لە سەرانسەری پارێزگه‌کانی عێراق، وەزیری کارەبا ئاماژەی بەوە کرد: تا کۆتایيی ساڵی ٢٠٢٦ ته‌واوى شار و ناوچه‌كانى هەرێمى كوردستان لە پرۆژەی ڕووناکیی ٢٤ کاتژمێری سوودمەند دەبێت و لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمهێنانی غاز، هەرێم توانای زیاتری ئیشپێکردنی یەکەکانی وێستگەکانی کارەبای دەبێت.