به دروشمى "ڕۆڵی سیستەمی وزەی خۆر وەک سەرچاوەی کارەبا لە کوردستان و ئاستەنگەکانی ئێستا و داهاتوو" سيمپۆزيهمێك بهڕێوهچوو

ڕۆژى دووشەممە ١٧ی شوباتی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کارەبا بە هەماهەنگيی زانکۆی پۆلیتەکنیکيی هەولێر/ کۆلێژی تەکنەلۆژیا، سیمپۆزیۆمێکى لەژێر ناونیشانی (ڕۆڵی سیستەمی وزەی خۆر وەک سەرچاوەی کارەبا لە کوردستان؛ ئاستەنگەکانی ئێستا و داهاتوو) ئەنجام دا.
لە گوتەیەکدا وەزیری کارەبا ڕایگەیاند: وەزارهت لە ئێستادا زۆر بایەخ بە بەرهەمهێنانی کارەبا دەدات لە ڕێگهی وزە نوێبووەوهکان، بۆ خزمەتکردنی زياترى هاووڵاتیيان و باشترکردنی کارەبایەکی بەردەوام و پاکڕاگرتنی ژینگەی کوردستان.
لە بەشێکی ديكهى گوتەکهیدا وەزیری کارەبا ئاماژەی بە پرۆژەی گەرمیان بە توانای ١٦٥ مێگاوات بە غازی بەفیڕۆچووی کێڵگە نەوتییەکان و پرۆژەی ٣٧ مێگاواتى دێرەلۆک و کۆمباین سایکڵەکانی خۆرمەڵە و چەمچەماڵ و هەولێر کرد. ههروهها لەم کابینەیەدا ١٧٠٠ مێگاوات بەرهەمهێنانی کارەبا زیادکراوە و ڕێنمایيی وەزارەتیش بۆ هاندانی کەرتی تایبەت و دانانی وزەی خۆر بۆ هاووڵاتيیان ئەنجام دراوە. تا ئێستاش بۆ ملیۆنێك و ٤٠٠ هەزار هاوبەش، پێوەری زیرەک بەستراوە و تا کۆتایيی ٢٠٢٦ هەموو کوردستان دەکرێتە پرۆژەی ڕووناکيی ٢٤ کاتژمێری.
لە ڕێنماييی وەزارەتی کارەبا هاتووە هەر هاووڵاتیيەک کارەبای زیاد لە خۆی هەبێت لە سیستەمی وزەی خۆر، ئەوە وەزارەت بە شێوەی مەقاسە لە کرێی کارەبا نیشتمانییەکەی کەم دەکاتەوە.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆدا هەوڵی بەردەوامی داوە لە ڕێگهی کۆمپانیاکانی ناوخۆ و بیانی، زۆرترین پرۆژەی کارەبا لە تەواوی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات، بۆ دابیکردنی کارەبایەکی خاوێن لە وزەی خۆر و کەمکردنەوەی بارزۆری لەسەر کارەبای نیشتمانی.