بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە لە شاری سلێمانی گەیشتووەتە زیاتر لە سێزدە مێگاوات
لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمدا، سێکتەرەکانی کارەبا بایەخێکی تایبەتیان پێ دراوە، یەکێک لە سێکتەرەکان بەرهەمهێنانی کارەبایە لە ڕێگەی وزە نوێبووەوەکان و وزەی خۆر.
لە شاری سلێمانیدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە ڕوو لە زیادبوونەوە و زیاتر لە 13 مێگاوات كارەبایە.
ئەندازیار شادمان شكری سەعید، لێپرسراوی بەشی وزە نوێبووەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی ڕایگەیاند؛ لە سنووری پارێزگەی سلێمانی، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی ئەو كەسانەی سیستەمی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر دادەنێن ڕوو لە زیادبوونن، تا ئێستا ئەوەی كە سیستەمەكەی داناوە و لای ئێمە تۆماری كردووە گەیشتووەتە ٤٤١ شوێن، كە بەشێكیان ماڵ و بەشێكیشی هاوبەشی بازرگانی و پیشەسازین، كە زیاتر لە ١٣ مێگاواتە.
ڕایشیگەیاند" ژمارەی ئەوانەی سیستەمی وزەی خۆریان داناوە زۆر لەو ڕێژەیە زیاترە، بەڵام هەندێکیان لە فەرمانگەكانی كارەبا تۆمار نەکراون.
لێپرسراوی بەشی وزە نوێبووەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی داوای کرد هەر كەسێك سیستەمی وزەی خۆری داناوە، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی دابەشكردنی كارەباوە، سیستەمەكەیان تۆمار بكەن، تا سوود لەو بڕیارە وەربگرن، كە ئەوەی زیاد لە پێویستیی خۆیانە و دەچێتەوە ناو تۆڕی كارەبای نیشتمانی.
جێی ئاماژەیە بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی كارەبا هەر هاوبەشێكی كارەبا سیستەمی وزەی خۆر دابنێت و تۆماری بكات، ئەو بڕە كارەبایەی دەگەڕێتەوە بۆ ناو تۆڕی كارەبای نیشیمانی مانگانە بە شێوەی (مەقاسە) لە خەرجیی كارەبا نیشتمانییەکەی دەردەكرێت.