Skip to the content

وەزارەتی کارەبا ڕێنمایيی نوێ بۆ بەره‌نگاربوونەوەی سەرپێچیکردن لە تۆڕی کارەبادا بڵاودەکاتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD) – وەزارەتی کارەبا ڕایدەگەیێنێت کە ڕێنمایی نوێ بۆ بەرنگاربوونەوە و ڕێگریکردن لە سەرپێچیکردن لە تۆڕی کارەبادا بەشێوەیەکی نایاسایی دەخرێنەکار لەو ناوچانەی کارەبای بەردەوامی پڕۆژەی ڕووناکییان هەیە.
ئەم ڕێنماییانە داڕێژراون بۆ ڕێگریکردن لە ڕاکێشانی کارەبا و دەستکاریکردنی پێوەری کارەبا بەشێوەیەکی نایاسایی و هەروەها دابینکردنی کارەبا بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و سەلامەت بۆ هاوڵاتیان.

ئەم ڕێنماییانە لە ئێستادا لە بواری جێبەجێکردنن. بەپێی ڕێنماییەکان هەر کەسێک کارەبای نایاسایی ڕابکێشێت، ئەوا دووچاری ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە و تاوەکو 4 ملیۆن دینار پێبژاردنی بۆ دەکرێت و بڕی پارەی کارەبای بەکارهێنراو لەماوەی ڕاکێشانی کارەبا بەشێوەیەکی نایاسایی لەسەر هەژمار دەکرێت. هەروەها بەدواداچوونی یاسایی بۆ دەکرێت و هێڵی کارەبای دەپچڕێت.

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە گرنگی دابینکردنی کارەبای بەردەوام دەکاتەوە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بۆ ئەو هاوڵاتییانەی بەشێوەیەکی ڕێک و پێک پسوولەی کارەبای مانگانەیان دەدەن. هەروەها وەزارەتی کارەبا ڕایدەگەیێنێت کە هەر سەرپێچییەک لە تۆڕی کارەبا و دەستکارییکردنی پێوەری کارەبا مەترسیدارە و دەکرێت ببێتە هۆی زیانی گیانی بەهۆی تەزووی کارەبا یاخود ئەو ئاگرەی بەهۆیەوە درووست دەبێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی سەرپێچیکردن و ڕاکێشانی کارەبا بەشێوەیەکی نایاسایی، وەزارەتی کارەبا هانی هاوڵاتیان دەدات بۆ ئەوەی تیمەکانی وەزارەت ئاگاداربکەنەوە لە کاتی بینینی هەر سەرپێچییەک لە تۆڕی کارەبا لەڕێگەی پەیوەندیکردن بە سەنتەری خزمەتگوزاری پڕۆژەی ڕووناکی بە ژمارە 1992.

دەقی تەواوی ڕێنماییە نوێیەکانی بەرەنگاربوونەوەی سەرپێچیکردن لە تۆڕی کارەبا بەردەستە لە ڕێگەی ئەم لینکەوە: كرته‌ بكه‌

مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند. دواتر لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری لەسەر نرخە نوێیەکانی کارەبادا لەچوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026.

تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 2 ملیۆن هاوڵاتی کارەبای بەردەوامییان بۆ دابینکراوە لە پڕۆژەی ڕووناکی، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدا هەیە کە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو کوردستان دابین بکات.