ئیمارات ئامادەیی خۆی بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە بواری وزە و کارەبای هەرێمی کوردستان نیشان دا

ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی تەممووزی ٢٠٢٥، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێم، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە (وەکالەت) پێشوازی لە شەیخە بەشیر فەرحان، هەڵسوڕێنەری کونسوڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەولێر کرد.
لەدیدارەکەدا، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەتی کارەبا ئامادەبوون. وەزیری کارەبا پیرۆزبایی لە پۆستی نوێی لە هەڵسوڕێنەری کونسوڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەرێم کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
لە لایەن شێخە بەشیر فەرحانەوە، جەخت لەسەر ئامادەیی وڵاتی ئیمارات بۆ پەیوەندییە ستراتیژی و هاوبەشییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرایەوە. هەروەها، دەستخۆشی لە پرۆژەی "ڕووناکی" ٢٤ کاتژمێری کارەبا کرد؛ بە وەرچەرخانێک لە بواری خزمەتگوزاری و ئابووری لە هەرێمی کوردستان دانا.
هەڵسوڕێنەری کونسوڵخانەی گشتیی ئیمارات، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، نیشاندا؛ بە تایبەت لە پرۆژە و وەبەرهێنانی وڵاتی ئیمارات لە بواری وزە و هەردوو کەرتی نەوت و غاز، بۆ ئەمەش کار بۆ زیادکردنی ئەنجامدانی پرۆژەی نوێی وزە بەتایبەتی لە بواری بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگای وزەی خۆر دەکرێت.